لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لەسەر ڕێگای بەلوچستان بۆ پەنجاب لە پاکستان 22 کرێکار کوژران و پێنج کەسی دیکەش برینداربون.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردوە" لەسەر ڕێگای بەلوچستان بۆ پەنجاب کۆمەڵێك چەکدار ڕێگریان لە پاسێک کردوە و پاش پشکنینی ناسنامەکانییان لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکراوە".
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی ڕوداوەکەوە ٢٢ کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربون، لە بارەی ناسنامەی قوربانییەکانەوە ڕایگەیاندوە، سەرجەمیان کرێکار بون.
دەشڵێت" کوژراوان ١٩ کەسیان خەڵکی پەنجاب بون و سێ کەسیشیان بەلوچی بون".
فرانس پرێس ئەوەشی خستوەتەڕو پێشبینی دەکرێت کە بەشێك لە چەکدارانی ڕزگاریخوازی بەلوچ لە پشت ڕوداوەکە بوبێتن، بەڵام حکومەتی پاکستان لەبارەی ڕوداوەکەوە زانیاری ئاشکرا نەکردوە.