دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بڕیاریدا بە زیندانیکردنی لیریدۆن رێکسێپی کارمەندی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسرائیل کە بەرپرسبووە لە چەندین چالاکی جۆراوجۆر.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە" لیریدۆن رێکسێپی پاش ئەوەی لە ٢٥ی ئابدا هاتووەتە تورکیا و دوای چاودێریکردنی لە ٣٠ی ئابی ئەمساڵدا لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە دەستگیرکراوە کە کارمەندی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) بووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکسێپی ڕێکخەبی تۆڕێکی پارەی مۆسادی لە تورکیا بەڕێوەدەبرد، گرتە ڤیدیۆییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەسەر فەرمانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل تۆمارکردووە، هەروەها هەڵمەتی سایکۆلۆژی دژی سیاسەتمەدارە فەڵەستینییەکان بەڕێوەبردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕاشیگەیاندووە" ناوبراو پارەی کارمەندەکانی مۆسادی لە تورکیاوە گواستۆتەوە کە کاریان کۆکردنەوەی زانیاری بووە لەسەر گۆڕەپانەکانی شەڕ لە سووریا".
ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا کاریانکردووە بۆ چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی ڕێکسێپی، بەتایبەتی گواستنەوەی دارایی لە ئەکاونتەکانیدا".
ئاژانسی ئەنادۆڵ باسی لەوەشکردووە، بە هەماهەنگی نێوان دەزگای هەواڵگری تورکیا و بەشی دژە تیرۆری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەستەنبوڵ، لە ڕۆژی ٣٠ی ئاب دەستگیرکرا، دواتر لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە، دوای ئەوەی دانی بەوەدانا کە پارەی بۆ کارمەندەکانی ئیسرائیل لە تورکیا و سوریا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و بەتایبەت کۆسۆڤۆوە گواستوەتەوە.