لە گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر بانکەکانی ئێران، سێرڤەری بانکی ناوەندی و زیاتر لە ٢٠ بانکی ئەو وڵاتە هاککران و زانیارییە داراییەکانی ملیۆنان خەڵکی ئێران کەوتە دەست گروپە هاککەرەکان.
گۆڤاری پۆلێتیکۆی ئەمریکی لە ڕاپۆتێکدا نهێنییەکانی ئەو هێرشە سایبەرییەی ئاشکراکردوە و بڵاویکردوەتەوە، لە هێرشەکەدا لە کۆی ٢٩ بانک و دامەزراوەی دارایی ئێران ٢٠ بانک سیستمەکانیان هاککراوە و دوای هێرشەکە سەرجەم بانکەکان ناچار بون، کارپێکردنی ئامێرەکانی ئەی تی ئێم لە سەرانسەری ئێران ڕابگرن.
پۆلیتیکۆ ئاشکرایکردوە، ئێران بۆ ئەوەی دۆخەکە دەنگنەداتەوە بە نهێنیی لەگەڵ گروپە هاککەرەکە ڕێککەوتوە و ناچار بوە سێ ملیۆن دۆلار باج بدات بە هاککەرەکان بۆ ئەوەی هەم زانیارییەکان بڵاو نەکرێنەوە هەم متمانە بۆ سیستمی بانکی بگەڕێنێتەوە.