ئەمریکا لەناوبردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلێکی حوسییەکانی ڕاگەیاند

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆ) ئەمڕۆ شەممە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لەناوبردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و ئۆتۆمبێلێکی حوسییەکانی لە یەمەن ڕاگەیاند.

فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆ)، بەیانی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" لە (٢٤) کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و یەک ئۆتۆمبێلی پشتیوانی لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن". 

لە بەیاننامەکەی سێنتکۆم ئەوەش هاتووە" دەرکەوتووە کە ئەم سیستەمە مەترسییەکی ڕوون و نزیک بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە دروست دەکەن". 

فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکە وتی" ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییە ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان دەگیرێنەبەر". 

حوسییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا دەستیانکرد بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆسەر ئەو کەشتیانەی کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن، ئەمەش وەک پشتیوانییەک لە فەڵەستینییەکان کە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل بۆسەر غەززە هێرشیاندەکرێتە سەر. 



AM:09:04:07/09/2024