ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی سزای نوێیان بە سەر ئێراندا سەپاند

ئەمریکا و ولاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە کاردانەوە بە هەناردەکردنی موشەکی بالستیکی لە لایەن ئێرانەوە بۆ ڕوسیا سزایان بە سەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ١١ی ئەیلوول ڕایگەیاند لە کاردانەوە بە هەناردەی موشەکی ئێران بۆ ڕوسیا  سزای بەسەر 10 کەس و شەش دامەزراوەی ئێرانی  لە نێویاندا کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی ئێرانی دا سەپاندوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە کاردانەوە بە  گواستنەوەی مووشەکی بالیستیک لە ئێرانەوە بۆ ڕوسیا کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی ئێرانیان سزا داوە.

لای خۆشییەوە ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو کارەی سێ وڵاتی ئەوروپی گرتویانەتەبەر، درێژەپێدەری سیاسەتی دوژمنکارانەی ڕۆژئاوا و تیرۆریزمی ئابورییە لە دژی گەلی ئێران، وتیشی، تاران کاردانەوەی هاوشێوەی دەبێت لە بەرانبەر ئەم وڵاتانە




PM:10:40:11/09/2024