لە لوبنان و سوریا هەزاران ئامێری بێتەلی "پەیجەرز" تەقینەوە و بەهۆیەوە نزیکەی سێ هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی چەندین ئامێری بێتەل لە باشووری لوبنان و سوریا، بە هەزاران ئەندامی رێکخراوی حزبوڵای لوبنان بریندار بوون و هاوکات حەوت کەسیش لە سوریا گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ژمارەی بریندارە گەیشتوەتە دو هەزار ٧٠٠ کەس و نۆ کەس گیانیان لەدەستدا، وەزارەتەکە ئاشکراشی دەکات باری تەندروستی زیاتر لە ١٥٠ کەس ناجێگیرە.
وەزارەتەکە نەخۆشخانەکانی بەیروتی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و وەزارەتی ناوخۆی لوبنانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات کارئاسانی بکەن بۆ گەیشتنی برینداران بە نەخۆشخانەکان.
هەر لەو پەیوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، موجتەبا ئەمانی باڵیۆزی ئێران لە بەیروت لە تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەکان بریندار بووە.
تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بە فەرمی ئەنجامی هێرشە ئەلەکترونییەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام حیزبوڵای لوبنان ئیسرائیل بە هۆکاری هێرشەکە دەزانێت و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات.