دوای ئەوەی دوێنێ بە سەدان ئامێری بێ تەل (پەیجەر) لە لوبنان تەقینەوە و بە نزیكەی سێ هەزار بریندار و كوژراوی لێكەوتەوە، ئەمڕۆش جارێكی دیكە ژمارەیەك پەیجەری دیكە تەقیونەتەوە.
بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەكاتی بەخاك سپاردنی تەرمی كوڕی عەلی عەممارـ پەرلەمانتاری حزبوڵا لە پەرلەەمانی لوبنان، ژمارەیەك پەیجەری دیكە تەقیونەتەوە و بەهۆیەوە قوربانی دیكەی لێ كەوتۆتەوە.
ماڵپەڕی (الجزیرە) بڵاویكردۆتەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوە لە چەندین ناوچەی دیكەی بەیروت بیستراوە و چەندین ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بەرەو ئەو ناوچانەی تەقینەوەكان بەڕێكەوتوون و ژمارەیەك ئامێری دیكەی بێ تەل تەقیونەتەوە، كە ئامێری (پەیجەر) نین وەك (هۆكی تۆكی).
لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت، كە ژمارەیەك ئامێری دیكەی وەك: شاشەی ئۆتۆمبێل و ڕادیۆ و لاپتۆپ و مۆبایلی ئایفۆن تەقیونەتەوە.
بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، تا ئێستا ٣ كەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان كەس بریندار بوون و زیانی زۆر لە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان كەوتووە و داوا لە خەڵک دەکرێت، پاتری مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان دەربهێنن.
لای خۆشیەوە فرانس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند" بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیجەر تا ئێستا ١٢ كەس گیانیان لەدەستداوە، كە منداڵیشی تێدایە".
ئاشكراشی كردووە، نزیكەی ٢هەزار و ٨٠٠ كەس بریندارن، كە ٣٠٠ كەسیان برینەكەیان سەختە و ژن و منداڵیشیان تێدایە و هاوكات ٤٦٠ نەشتەرگەری ئەنجام دراوە، كە زۆربەی نەشتەرگەری چاو و دەموچاو بووە.