حیزبوڵای لوبنانی بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل وکۆگایەکی سوپای ئیسرائیلیان لە باکووری ئەو وڵاتە کردە ئامانج.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ حیزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاند" کۆگایەکی سەربازی ئیسرائیلیان بەناوی کۆمەڵگەی پیشەسازیی رافایل" لەنزیک شاری حەیفا بە رۆکێت کردووەتە ئامانج."
بەگوێرەی هەواڵەکان لەم هێرشەدا حیزبوڵڵا زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی ئاراستەی ئەو کۆمەڵگە سەربازییە کردووە و بەگوێرەی تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل لە ئەنجامی ئەو هێرشە ، سێ کەس بریندار بوون و زیانی بە چەندین باڵەخانە و ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
لە راگەیەنراوەکەی حیزبوڵا دا هاتووە " ئەو هێرشانە لە تۆڵەی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکییەکانی لوبنان بووە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەفتەی رابردوو بووە هۆی کوشتنی ٣٧ کەس و برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکە."
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل ژمارەیەک لەم مووشەکانە لە جۆری کاتیۆشا بوون و لە ناوچەی کەریوت لە نزیک شاری حەیفا کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام زۆربەیان پێش کەوتنە خوارەوەیان لەلایەن سیستمی بەرگری ئیسرائیلییەوە تێکشکێندراون و تەنیا ١٠ مووشەک گەیشتوونەتە نێو خاكی ئیسرائیلەوە.