سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەدا لەوەی تا لەناوبردنی هەرەشەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن، دەشڵیت حیزبوڵا چاوەڕوانی ئەو هێرشانەی نەدەکرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، لە دوای هێرشە ئەلکتڕۆنی و موشەکییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردو بۆ سەر حیزبوڵای لوبنانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی ئەیلوول لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵای لوبنان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی هاوڵاتیانی باکوری ئیسرائیل دەگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.
بنیامین نەتانیاهۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردو زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە دژی حیزبولا ئەنجامداوە کە هەرگیز چاوەڕوانیان نەدەکرد.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە لەوەی هیچ وڵاتێک ناتوانێت هێرش بۆ سەر هاوڵاتییەکانی قبوڵ بکات، ئیسرائیلیش ئەوە قبوڵ ناکات و تا سەرکەوتن و لەناوبردنی هەڕەشەکان لە بەرگریکردن لە هاوڵاتیانی بەردەوام دەبێت.
نزیکەی ساڵێک لە دەستپێکردنی جەنگی غەزە تێپەر دەبێت و تا ئێستا نەک تەنها چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە نەدۆزراوەتەوە بەڵکوو تا دێت بازنەی جەنگ بەرفراوانتر دەبێت.