بەهۆی نقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران ٣ کۆچبەر خنکا و ٢٥ کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێنن

لە دەریای ئیجە بەھۆی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە سێ کۆچبەر خنکان و نزیکەی ٢٥ کۆچبەری دیکە بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە.

میدیاکانی یۆنان بەیانی ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە، لە دوورگەی سامۆسی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بووە کە دەیان کۆچبەری تێدا بووە، تیمەکان توانیویانە تەرمی سێ کۆچبەر بدۆزنەوە و نزیکەی ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکان تائێستا پێنج کۆچبەر ڕزگارکراون و گەڕان بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەرانی تر لەڕێی چوار کەشتی پاسەوانی کەناراوەکان و ھەلیکۆپتەرێکەوە بەردەوامە، بەڵام ناسنامەی کۆچبەرەکانیان ئاشکرانەکرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٥ تا شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٥٩١ کەس لە ڕێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە ٣٤٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ٢٤٨ـیشیان بێسەروشوێنن.



PM:05:49:23/09/2024