سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت" هێرشی زیاتر ئەنجام دەدەین و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیشیمان بۆسەر لوبنان فراوانتر دەکەین".
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە میانی بڵاوکردنەوە پهیامێكی ڤیدیۆیی کە تێیدا ئاراستەی دانیشتوانی لوبنانی کردووە، دەڵێت" پێویستە ئهو ناوچانه چۆڵبکەن كه حزبوڵا چهكی تێدا ههڵگرتووە".
ناتانیاهۆ وتیشی" بۆ ئەوانەی هێشتا تێنەگەیشتوون، دەمەوێت سیاسەتی ئیسرائیل ڕوون بکەمەوە ئێمە چاوەڕێ ناکەین هەڕەشەکە، بەڵکو لە هەموو شوێنێک و لە هەموو بەرەیەک و لە هەر لایەکدا پێشی دەکەوێت".
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرال، وتی" ئێمە سەرکردە و تێکدەرەکان لەناو دەبەین، و مووشەکەکان لەناو دەبەین، و هێشتا زیاترمان ماوە بیکەین، هەرکەسێک هەوڵی زیانگەیاندنمان بدات، ئێمە زیانێکی زیاتری پێدەدەین".
دەشڵێت" بەڵێنمدا کە هاوسەنگی ئاسایش و هاوسەنگی هێز لە باکور بگۆڕم، ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئێمە دەیکەین، هەزاران موشەک و تۆپباران کە ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل و هاوڵاتییانی دەکەن لەناو دەبەین".
بنیامین ناتانیاهۆ پەیامێکیشی ئاراستەی ئیسرائیلییەکان کرد و ڕایگەیاند" ئێمە لە بەردەم ڕۆژانی سەخت و درێژداین".
هەروەها داواشی لە هەمووان کرد" گوێڕایەڵی هۆشدارییەکانی بەرەی جەماوەری بن، و تا سەرکەوتن پێکەوە بوەستن".