وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە دووبارە کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمشەو دووشەممە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرک کۆبوونەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا بلینکن و سودانی تاوتوێی هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە گرژبوونی دۆخی ناوچەکە کرد و جەختیان لە گرنگی هاوبەشی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق کردەوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" وەزیری دەروەی ئەمریکا داوایکردووە کە کردنەوەی بۆری نەوتی (عێراق- تورکیا) بۆ هاندانی بەردەوامبوونی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ ئابووری عێراق گرنگە".
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو، محەمەد شیاع سودانی و ئەنتۆنی بلینکن گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕینی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش لە عێراق کردەوە.