تا دێت گرژییەکانی لوبنان پەرە دەستێنێت و لەو نێوانەدا باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان، هۆشدارییەکی ئاڕاستەی هاوڵاتییانی عێراق لەو وڵاتەکرد و داوای لێکردن، تاوەکو دەتوانن خۆیان لە ناوچەی هێرش و ئاڵۆزییەکان بەدووربگرن.
باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان ئەمشەو هەینی ٢٧ی ئەیلوول لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتییانی عێراق کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ئاڵۆزیی و توندوتیژییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان، ئەوانەیان لەبەر هەر هۆکارێک بێت لە لوبنان ماونەتەوە، تاوەکو جموجۆڵەکانیان لە ناوچە مەترسیدارەکان کەمبکەنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باڵیۆزخانەی عێراق، داوای هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئەمنی هیچ گەشتێک بۆ لوبنان نەکەن، تاوەکو ئەو کاتەی ئاڵۆزییەکانی کۆتاییان دێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، داوای لە هاوڵاتییانی عێراقی کردووە، لەکاتی پێویست یان روودانی هەر کێشەیەکدا پەیوەندیی بە باڵۆزخانەوە بکەن، بە مەبەستی بە هاناوەچوونیان.
لە سەرەتاکانی مانگی ئەیلوولەوە، سوپای ئیسرائیل، بە چڕی هێرشی ئاسمانی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حزبوڵای لوبنان دەستپێکردووە، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمشەو سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بارەگای سەرەکیی حیزبوڵایان لە باشووری لوبنان بە ئامانجگرتووە و بۆمبی تایبەت بە وێرانکردنی پەناگەیان بەکارهێناوە، ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵای کردووەتەوە حەسەن نەسروڵا لەو هێرشەدا زیانی بەر نەکەوتوە و سەلامەتە.