کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت" ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، لەگەڵ مافی بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تاقمە تیرۆریستییەکان دەگونجێت".
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کۆشکی سپی، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" ئیسرائیلییەکان ئۆپەراسیۆنی سنووردار بۆ لەناوبردنی ژێرخانی حزبوڵڵا ئەنجام دەدەن کە دەکرێت بۆ هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت و ئەمەش لەگەڵ مافی ئیسرائیلدا دەگونجێت بۆ بەرگریکردن لە هاوڵاتیان و گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل بە سەلامەتی بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
کۆشکی سپی دەشڵێت" ئێمە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین کە بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر حزبوڵا و هەموو گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران".
هەروەها هۆشداریشیدا کە" ئێمە دەزانین کە فراوانکردنی ئەرکەکە دەتوانێت مەترسی دروست بکات و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان".
لای خۆشیەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یوئاف گالانت هاوتا ئیسرائیلییەكەی ڕایگەیاند" لەسەر پێویستی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی حزبوڵڵا هاوڕاین، بۆ ئەوەی نەتوانێت هێرشی هاوشێوەی حەماس لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامبدات".
ئۆستن وتیشی" ئەمریکا پێگەیەکی باشی هەیە بۆ بەرگریکردن لە کارمەندان و هاوبەشەکانی و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران، هەروەها بڕیاریشە ڕێگری لە هەر لایەنێک بکات کە گرژییەکان بقۆزێتەوە یان ململانێکان فراوانتر بکات".