لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر باڵاخانەیەکی گەڕەکی مەززەی دیمەشق زاوای حەسەن نەسروڵا کوژرا.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە کە زاواکەی حەسەن نەسروڵا لە ناوچەی مەززە لە دیمەشق لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا کوژرا.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی سانای سووریا، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی وڵاتەکەیەوە دەربارەی هێرشەکە بڵاویکردەوە، سەرلە ئێوارەی دوێنێ ئیسرائیل هێرشێکی کردووەتەسەر باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەززەی دیمەشق و بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی سڤیل کوژراون و سیانی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئیسرائیل زیاترلە ٦٠ هێرشی جیاجیای کردووەتەسەر خاکی سووریا، کە تێیدا بارەگا و کۆگای چەک و تەقەمەنی سەربە هێزەکانی سوپای سووریا و سوپای پاسداران و چەکدارانی حیزبوڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج.