بەهۆی بۆردوومانەکانی دوێنێشەوی ئیسرائیل جێگرەوەی نەسروڵا و بەرپرسێکی دیکەی حزبوڵا کوژران

بە گوێرەی میدایا جەهانییەکان شەوی رابردوو هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری حزبوڵای لوبنان لە بەیروت کە  بەرپرسیار بوون  لە کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی سوپای ئیسرائیل.

لەبارەی هێرشەکانی دوێنێشەو سوپای ئیسرائیل رایگەیاند" هاشم سەفیەدین، شوێنگرەوەی نەسروڵای کردووەتە ئامانج".

هەروەها وتیشی" لە هێرشێکی دیکەشدا محەممەد ئەنیسی، یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبوڵا لە بۆردوومانێکی سەر بارەگای هەواڵگریی بزووتنەوەکە کوژراوە".

لای خۆشییەوە وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند" بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٧ کەس مردون و ١٥١  کەسی دیکەش بریندار بوون".

فیراس ئەبیەز، وەزیری تەندروستی لوبنان وتی"  لەوەتەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەستی پێ کردووە، هەزار ٩٧٤ کەس بەوهۆیەوە کوژراون، کە ١٢٧ منداڵ و ٢٦١ ئافرەت لە نێوا کوژراوەکاندا هەن"

رۆژێک دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە ٧-١٠-٢٠٢٣، حیزبوڵڵا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام دۆخەکە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بە تەواوی تێکچوو، و جەنگەکە فراوانتر بووەتەوە، بە تایبەت دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە بەیرووت بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە. 

 دواتر لە رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند" بە دەیان مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵا".
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی "ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد، باجەکەشی دەدات."






AM:09:14:04/10/2024