سوپای ئیسرائیل: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا ٢٥٠چەکداری حزبوڵا کوژراون

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل بۆردومانی دەروازەی سنوری لوبنان بۆ سوریای کردوە و سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا ٢٥٠ چەکداری حزبوڵا کوژراون

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بۆردومانی دەروازی سنوری مەسنەیان کرد لەسەر سنوری لوبنان-سوریا، کە تاکە ڕێڕەوی هاوکارییە مرۆییەکانە، دەشڵێت: بەهۆی پەککەوتنی دەروازەکەوە، دەیان هەزار ئاوارەی لوبنانی گیریانخواردوە و ناتوانن بپەڕنەوە بۆ سوریا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ئاماژەی بەوەکرد: هێرشەکەی شەوی ڕابردوی ئیسرائیل بۆسەر باشوری بەیروت، بەراورد بە هێرشەکەی لە دژی حەسەن نەسروڵا ئەنجامدرا  زۆر گەورەتر بوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیلیش بڵاوی کردەوە  بۆردومانەکەیان کۆبونەوەیەکی سەرکردەکانی حیزبوڵای کردوەتە ئامانج و توانیویاشانە هاشم سەفیەدین جێگرەوەی نەسڕوڵا بکەنە ئامانج، دەشڵێن،  لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردودا ٢٥٠ چەکداری حزبوڵا کوژراون.

لەلای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی لوبنان دەڵێت: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردو ١٨٨ کەس بونەتە قوربانی، لە دوشەمەی ڕابردوشەوە نزیکەی دو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزار و ٣٠٠ کەسیش برینداربون.




PM:08:25:04/10/2024