ئەمەریکا و بەریتانیا ١١ جار، پێگەی حوسییەکانیان لە یەمەن بۆردومان کرد، مێدیاکانی یەمەن بڵاویان کردەوە، ناوچەی سیانە لە باکووری سەنعای پایتەخت، فڕۆکەخانەی حودیدە، ناوچەی کەسیب و باشووری شاری زومار بە ئامانج گیراون.
ئەمڕۆ هەینی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ میدیای فەرمیی حووسییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، ئەمریکا و بەریتانیا ١١ هێرشیان بۆ سەر یەمەن ئەنجامداوە، لەنێویاندا حەوت هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی حودەیدییە و چواری دیکەش بۆ سەر سەنعای پایتەختی وڵاتەکە.
میدیای وڵاتەکە ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکان نەداوە.
دوێنێ پێنجشەممە ٣ی تشرینی یەکەم حووسییەکانی یەمەن گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، کەشتییەکی نەوت هەڵگری بەریتانیایان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە کەشتییەکە دووکەڵێکی زۆری لێ بەرزدەبێتەوە.
حووسییەکان دەڵین، لە هێرشەکەدا "هەشت مووشەکی بالیستی و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان و بەلەمێک" بەکارهاتوون.
هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد، تاوەکو ئاگربەستی غەززە و لوبنان رانەگەیێندرێت، لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن.