دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیێنن، لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئەم هەفتەیەی ئیسرائیل، پەیوەندیان لەگەڵ هاشم سەفیەدین، کەسی دووەمی حیزبوڵڵا "پچڕاوە و نازانن لە شوێنی بەئامانجگیراو بووە، یان نا"، میدیاکانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردەوە هاشم سەفیەدین کوژراوە.
دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵا ئەمڕۆ شەممە ٥ی تشرینی یەکەم بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە "لەدوای هێرشە مووشەکییە کوشندەکەی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکێکی باشووری بەیرووت، پەیوەندیمان لەگەڵ سەید سەفیەدین پچڕاوە".
یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژە بەوە دەکات، کە حیزبوڵڵا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بگاتە ژێرزەمینی ئەو بارەگایەی بە ئامانجگیرا، بەڵام بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل نەیانتوایوە بە شوێنەکە بگەن.
لای خۆشییەوە میدیاکانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە هەموو ئەو کەسانەی لە بارەگای هەواڵگریی حزبوڵڵا کراونەتە ئامانج، کوژاون.