ئەردۆغان: پلانێکی گڵاو بۆ داڕشتنەوەی سنوورەکانمان لە ئارادایە

رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، پلانێکی گڵاو بۆ داڕشتنەوەی سنوورەکانی جوگرافیاکەمان هەیە، حەماس و حیزبوڵا، یەمەن و سووریا تەنیا بیانوون.

ئەردۆغان، لە میانی کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتەکەی لە ئیستانبوڵ، وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد نیاز و ئامانجی ئیسرائیل روون و ئاشکرایە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، گوتی "زۆر بەڕوونی ناچارم ئەوە بڵێم، پلانێکی گڵاو بۆ داڕشتنەوەی سنوورەکانی جوگرافیاکەمان هەیە، حەماس و حیزبوڵا، یەمەن و سووریا تەنیا بیانوون".

ئەردۆغان باسی لەوەشکردووە، ئیسرائیل هەر رۆژە و هۆکارێکی نوێ بەرهەمدەهێنێت و گوتی "ئێمە دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین ئەگەر نەتانیاهوو رانەگیرێت، ئەم سیاسەتی فراوانخوازییەی دەگاتە کوێ".

سەرۆککۆماری تورکیا، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی رێگە نادەن ئاسایشی وڵات و گەلەکەیان لاواز بێت و بۆ ئەو مەبەستەش پلان بۆ جموجۆڵەکانیان دادەنێن.

ئەم وتانەی ئەردۆغان پاش ئەوە هات دوێنێش رایگەیاندبوو، چاوپۆشیی لەوە ناکەن جارێکی دیکە لەرێگەی سایکس پیکۆیەکی نوێوە، جوگرافیاکەیان پارچە پارچە بکرێت.




PM:10:06:05/10/2024