نەعیم قاسم: بەبێ پشتیوانی ئەمریکا هێرشەکانی ئیسرائیل لە ماوەی مانگێکدا دەوستێت

جێگری سەرۆکی حزبوڵای لوبنان ڕایدەگەیەنێت" بەبێ پشتیوانی ئەمریکا، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و لوبنان لە ماوەی مانگێکدا دەوەستا"، دەشڵێت" سوپای ئیسرائیل توانای ڕووبەڕوبوونەوەی بەرخۆدانی نییە". 

نەعیم قاسم جێگری سەرۆکی حزبوڵای لوبنان، کەمێک پێش ئێستا لە یەکەم دەرکەوتنی دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای‌ لوبنانی، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" ناتوانین دۆخی خۆمان بەبێ کۆچکردوو حەسەن نەسروڵڵا وەسف بکەم، بەڵام ئێمە ئیلهام لە هێزەکەی وەردەگرین و لە ماوەی ساڵێکیشدا سکرتێر هەڵدەبژێرێت". 

وتیشی" فوشار لەسەر ئێمە هەیە کە پاشەکشە بکەین، بەڵام ئێمە لە فوشاری دوژمنی زایۆنی و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ناترسین و بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن". 

دەشڵێت" دوای کوژرانی نەسروڵڵا، ئۆپەراسیۆنەکانی بەرخۆدان بە هەمان خێرایی و زیاتر بەردەوام بوون". 

جێگری سەرۆکی حزبوڵای لوبنان جەختی لەوەشکردەوە کە" سەرەڕای کوژرانی بەرپرسانی حزبوڵا، بەڵام ئیسرائیل نەیتوانی کاریگەری لەسەر توانای ئێمە دروست بکات، دوژمن توانای ئەوەی نییە ئێمە بخاتە ژێر پرسیارەوە". 

هەروەها نەعیم قاسم لە پەیامێکی توندا کە ئاڕاستەی ئیسرائیلی کرد، وتی" بژاردەکان کراوەن و ئەگەر ئیسرائیلییەکان هێرشی زەمینی ئەنجام بدەن، ڕووبەڕووی هەر ئەگەرێک دەبینەوە و هێزەکانمان ئامادەن بۆ شەڕی زەمینی". 

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشکرد" ڕووداوێکی ناوازە و سەرەتای گۆڕینی ڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە ئامانجی داگیرکاری پێش لافاوی ئەقسا کۆتاییهێنان بە خۆڕاگری و لەناوبردنی گەلی فەلەستین بوو". 

نەعیم قاسم جێگری سەرۆکی حزبوڵڵا دەشڵێت" بەبێ پشتیوانی ئەمریکا، دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان لە ماوەی مانگێکدا دەوەستا". 

ناوبراو پەیامێکیشی ئاڕاستەی گەلی لوبنان کرد و وتی" ئەم گەلە گەورەیە کە لە ئەرکە سەختەکاندا وەستابوو، ئێستا هەستاوە و ئێمەش سەردەکەوین". 



PM:12:10:08/10/2024