بلینکن: کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە لوبنان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" واشنتن هەوڵەکانی بۆ دوورکەوتنەوە لە فراوانبوونی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەکات و کاردەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە لوبنان". 

ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، ئەمڕۆ هه‌ینی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە میانی بەشداریکردنی لە پەراوێزی لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە لە لائۆس بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" گەلی لوبنان بە تەنیا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن و سەرۆکەکەیان هەڵدەبژێرن". 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند" ئەوە لە بەرژەوەندی هەموواندایە بۆ ئەوەی ژینگەیەک دروست بکەین کە ڕێگە بە خەڵک بدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" نیگەرانییەکی زۆرمان هەیە لە ئاست ئەو کارەساتەی کە خەڵکی سڤیل لە غەززە تووشی دەبن". 

دەشڵێت" ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی حزوبوڵا دەستیپێکردووە کە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر ئیسرائیل دروست دەکات".

بلینکن هێمای بۆئەوەشکرد" لە بەردەم میحوەرێکی خراپەکاریداین بە سەرۆکایەتی ئێران کە بە دوای کردنەوەی بەرەی نوێدایە و هەوڵدەدەین خۆمان لێیان دوور بخەینەوە، کاریش دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە لوبنان". 



AM:11:31:11/10/2024