داوا لە ناتانیاهۆ دەکرێت هێرش بکاتە سەر ئێران: دەرفەتێکە بۆ بڕینی سەری مارەکە

وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد کە هێرشبکاتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و دەڵێت" دەرفەتێکە بۆ بڕینی سەری مارەکە". 

ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئیسرائیل ئێستا دەرفەتی ئەوەی هەیە بە لێدانی ئێران سەری مارەکە ببڕێت".

هەروەها ستایشی بنیامین ناتانیاهۆی کرد و وتی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کار بۆ بڕیاردانی بوێرانە دەکات".

دەشڵێت" تەلئەبیب سەرکەوتوو بوو لە گەڕاندنەوەی دیلەکان، ئەگەر واز لە هێنانی سووتەمەنی بۆ ناو کەرتی غەززە بهێنایە". 

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیلن بۆ وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوەدەکەن کە" تەلئەبیب وەڵامدانەوەی خۆی بۆ شوێنە سەربازییەکانی ئێران سنووردار دەکات". 



PM:12:03:15/10/2024