حەماس بە فەرمی کوژرانی سنواری ڕاگەیاند

کەمێک پێش ئێستا بزوتنەوەی حەماس بەشێوەیەکی فەرمی هەواڵی کوشتنی یەحیای سنواری ڕاگەیاند و دەڵێت" زیندانییەکان ناگەڕێنەوە تا دەستدرێژییەکان ڕانەگیرێن". 

خەلیل حەیە سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ڕایگەیاند" یەحیا سنوار تا دوا ساتەکانی ژیانی لەسەر خاکی غەززە لەگەڵ دوژمن شەڕی کرد و کوژرا".

وتیشی" ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە ڕانەگیرێن و کشانەوەی تەواو ئەنجام نەدرێت و زیندانییەکانمان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن ئازاد نەکرێن، زیندانیانی داگیرکەر ناگەڕێنەوە". 

دەشڵێت" بزووتنەوەی حەماس تا دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەسەر تەواوی خاکی فەلەستین و قودس وەک پایتەختی فەلەستین بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆسەر دوژمن". 

ئێوارەی دوێنێ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی هەواڵی کوژرانی یەحیا سنوار سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە لە کەری غەززە ڕاگەیاند. 



PM:03:19:18/10/2024