پاش ئەوەی دوێنێ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی (مەهەپە) لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو" پێویستە ئۆجەلان لە پەرلەمان بڵێت رێکخراوی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە"، پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی دەڵێت" پەیامەکەی باخچەلی وەك بۆمبێك بوو بۆ سیاسەتی توركیا".
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی، دوێنێ سێشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە" لە وەچەرخانێکی كتوپڕدا كە وەک بۆمبێك بوو بۆ سیاسەتی توركیا، دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانی باڵای رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، پێشنیاری کرد کە مەرجەکانی سزای هەتاهەتایی عەبدوڵڵا ئۆجالان بەبێ پارێزبەندی قبوڵ بکات، ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارە قەدەغەکراوەکەی ڕابگەیەنێت".
باخچەلی ڕاشیگەیاند" با ئۆجەلان رایبگەیەنێت كە تیرۆر بە تەواوی كۆتایهاتوو و رێكخراوەكە هەڵوەشاوەتەوە، ئەگەر ئەو خواست و ئیرادەی نیشان بدات، ئەوا دەتوانرێت ڕێگایەک بکرێتەوە بۆ دەرکردنی ڕێسایەکی یاسایی لەسەر بەکارهێنانی مافی هیوا بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرێت".
دەوڵەت باخچەلی ئاماژەشی بە بڕیارێکی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤ کرد کە فەرمانی بە تورکیا کردووە "مافی هیوا" بەو سزادراوانە بدات کە سزای هەتاهەتایی بەبێ پارێزبەندی بەسەر دەبەن، لە کاتێکدا یاساکانی تورکیا ئەو مافە بێبەش دەکەن لەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر سزا دراون.
هەروەها باخچەلی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی لە پەرلەمان، پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەگەر ئۆجەلان ڕازی بێت وتارێکی لەو شێوەیە پێشکەش بکات، دەتوانێت لە پەرلەمان پێشکەشی بکات، ئۆجالان تاڕادەیەکی زۆر گۆشەگیر بووە، پەیوەندی لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەیدا سنووردار بووە.
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە" ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە حکومەتی تورکیا بیر لە بەکارهێنانی دیپلۆماسی دەکاتەوە جگە لە ڕێوشوێنە سەربازییەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێ چەکدارییەکان، ئەلمۆنیتۆر یەکەمجار لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە دانوستانەکانی گەڕان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حکومەت و ئۆجالان لە ئارادایە، بەڵام باخچەلی باسی دانوستانی نەکرد، بەڵکو وەک بەشێک لە چارەسەرێکی بەرفراوانتر پشتگیری لە چاکسازی دیموکراسی کرد".
عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٨، لە ژێر فشاری حكومەتی سوریادا ئەو وڵاتەی جێهێشت و دواتر لە شوباتی ١٩٩٩ لە وڵاتی كینیا لەلایەن دەزگای سیخوری توركیاوە رفێنراو، دادگای توركیا ساڵی ٢٠٠٢ حوكمی لە سێدارەدانی بۆ ئۆجەلان دەركرد، بەڵام دواتر حوكمە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.