لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هێرشەکە
تورکیا گەشتەکانی بۆ ئێران راگرت


ئەمڕۆ چوار شەممە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێرشی ئیسرائیل لە دژی ئێران، دوو کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ چەند شارێکی ئێران راگرت.
 
میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند" هەردو کۆمپانیای (THY) و (Pegasus)  بەھۆی ئەگەری ھێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران، گەشتە ئاسمانییەکان تا مانگی تشرینی دووەمی داھاتوو بۆ تاران، شیراز و ئەسفەھان راگرت.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردوەتەوە کە لەئێستادا، سوپای وڵاتەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو ھێرشە بداتەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بە موشەک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە سەر تەل ئەبیب.

هێرشەکە تەنها بە دامەزراوە ئێرانییەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو ماڵی بەرپرسە باڵاکانی ئێرانیش ئامانجێکی تری ئەو هێرشانە دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لەلایەن درۆنەکانی چەکدارەکانی نزیک ئێران، ماڵی بەنیامین نتنیاهۆی سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کرایە ئامانج.

راوەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لەلایەن کۆمپانیا جیهانییەکانەوە بۆ ئێران ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی هێرشی بەرفروانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە.





PM:02:21:23/10/2024