وتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت" گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی بوونەتەوە".
عەفەر یەزەرلو وتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند" لە کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆوە بە کاتی تاران و (٨:٣٠) خولەکی بەیانی بە کاتی عێراق گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکاتەوە".
هەروەها لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، لە زاری عەفەر یەزەرلو ڕایگەیاندووە" پێویستە سەرنشینان پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی هەبێت و گرنگییەکی تایبەت بەو پەیامانە بدەن کە کۆمپانیاکان دەینێرن".
کاتژمێر (٢:٠٠)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هێرشەکەی ئێران کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا زیاتر لە ١٠٠ موشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و سێ بنکەی ئاسمانی ئیسرائیلی کردە ئامانج.