جەمشید شارمەهد کە هاوڵاتییەکی (ئێرانی - ئەڵمانی)یە و مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبوو، لە سێدارەدرا، ناوبراو لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەشکرابوو.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای لە سێدارەدانی جەمشید شارمەهد بەندکراوی تەمەن ٦٩ ساڵ، دوای ٤ ساڵ زیندانیکردنی بە نهێنی جێبەجێکرا، لە کاتێکدا میدیاکانی حکومەتی ئێران هیچ زانیارییەکی وردیان لەسەر شوێنی جێبەجێکردنی سزاکەی بڵاونەکردووەتەوە.
ڕێکخراو هەنگاو داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەت حکومەتی ئەڵمانیا کە وڵاتی ئێران لەسەر ئەم بارمتەگرتنە کە دەرئەنجامی ماوەیەکی درێژخایەن ژووری تاکە کەسی و دۆسیەسازی چڕدا بووە، هەڵوێستیان هەبێت.
هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، پێگەی هەواڵی میزان کە سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە جەمشید شارمەهد "لەژێر پشتیوانی و پاراستنی ئاڵۆزی ئیتلاعات"ی ئەوروپا و ئەمریکادا بووە.
پێشتر جەمشید شارمەهد لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "کردەوەی تیرۆریستی" سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
جەمشید شارمەهد لە ناوەڕاستی هاوینی ساڵی ٢٠٢٠دا لە کاتی سەفەری بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندرا و بۆ ئێران گواسترایەوە.