بارەگای هەواڵگری ناوەندی حزبوڵا لە سوریا کرایە ئامانج

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان ئەنجامدا و بارەگای هەواڵگری ناوەندی حزبوڵای لوبنانی لە سوریا کردە ئامانج. 

سوپای ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" سوپاکەمان سەرکەوتوو بووە لە بۆردومانکردنی بارەگای هەواڵگری حزبوڵڵای لوبنان بەشێوەیەکی بەرچاو و لەناوبردنی سەروەت و سامانی هەواڵگری سەربازی حزبوڵا لە لوبنان و زیانگەیاندن بە توانای ڕێکخراوەکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری". 

بەپێی بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل، بە ئامانجگرتنی سەروەت و سامانی هەواڵگری سەربازی حزبوڵای لوبنانی لە سوریا، بەشدارە لە زیادکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە لوبنان و تێکدانی توانا هەواڵگرییەکانی ڕێکخراوەکە. 

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پاڵپشتی ڕژێمی سوریا، حزبوڵا بە دامەزراندنی بارەگا و بڵاوەپێکردنی هێز لە ناوچە مەدەنییەکانی سەرتاسەری وڵات، سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا دەخاتە مەترسییەوە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ سوپای ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا ژمارەیەك شوێنی مەدەنی لە باشووری دیمەشقی پایتەختی سوریا كردە ئامانج. 



AM:08:13:05/11/2024