هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا چەند کاتژمێرێکی کەمی ماوە و جیهان چاوەڕێی ئەنجامەکانە

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئەمریکا تەنها چەند کاتژمێرێکی ماوە و بە گوێرەی راپرسییەکان، لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بە رێژەیەکی کەم لە پێش دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکانەوەیە.

چەند کاتژمێرێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەمریکا کۆتایی پێدێت و دەرگای بنکەکانی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا دادەخرێن، چەند ویلایەتێکیش رایانگەیاندووە، راستەوخۆ دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە بڵاودەکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان کە هەریەکە لە ویلایەتەکانی پێنسیلڤانیا، ئۆریگۆن، جۆرجینیا، ویسکۆنسن، ئەریزۆنا، کارۆلاینای باکوور و نیڤادا دەگرێتەوە؛ کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بە ڕێژەیەکی کەم لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، بە جۆرێک، کامالا هاریس ٤٧،٧%ـی دەنگەکان و دۆناڵد ترەمپ ٤٧.١%ـی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە.

ئەمرۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا شکست بهێنێت، ئەوا ئەنجامەکان قبوڵ دەکات، لە بەرامبەریشدا کامالا هاریس وتی: بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەم.

هەروەها، میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن، تا ئێستا نزیکەی ٩٠ ملیۆن کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە و دەنگیان داوە، چوونی هاوڵاتیانی وڵاتەکەش بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بەردەوامە



AM:12:03:06/11/2024