کەمێک پێش ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند و دەڵێت" ئێمە چووینە ناو گەورەترین بزووتنەوەی سیاسی و وڵاتەکەمان چاک دەکەین".
دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن، وتاری سەرکەوتنی بۆ لایەنگرانی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" پیرۆزبای لە خەڵكی دەكەم و سەرکەوتنێکی مێژوویم بەدەستهێنا و بوومە (٤٧)مین سەرۆكی ئەمریكا، هەروەها ئەمەش سەركەوتنێكی مێژووی و مەزنە کە لە ئەنجوومەنی پیران زۆرینەمان وەرگرتەوە".
جەختیشی لەوەشکردەوە کە گەل مۆڵەتی خولی دووەمی پێداوە.
ترەمپ ڕاشیگەیاند" ئێمە مێژوومان تۆمارکردووە و زۆر ئاستەنگمان تێپەڕاندووە، ئەمە سەرکەوتنێکی سیاسییە کە وڵاتەکەمان پێشتر شاهیدی نەبووە، سوپاسی گەلی ئەمریکا دەکەین کە ئەم شەرەفەیان پێبەخشیم بە دووبارە هەڵبژاردنەوەم".
هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی خۆی لە ویلایەتی سوینگ پشتڕاستکردەوە و دڵخۆشی خۆی بەم پشتگیرییە دەربڕی و وتی" بردنەوەی دەنگی جەماوەری ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی خەڵکە بۆ ئێمە".
دەشڵێت" نزیکەی ٣١٥ دەنگی لە کۆلێژی هەڵبژاردنەکان بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی پیرانی وەرگرتەوە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە پێشەوەین".
هەر لە میانی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا، ترەمپ بەڵێنی بە دەنگدەرانیدا کە" چوار ساڵی نایابمان لە پێشە، شتێکی ناوازە بەدەست دەهێنین، ئەمریکا دەکەینە گەورەترین وڵاتی جیهان و کاردەکەین بۆ پاراستنی سنوورەکانمان".
لە دوای گرۆڤەر کلیڤلاند لە ساڵی (١٩٨٢)دا، دۆناڵ ترەمپ لە مێژووی ئەمریکادا دووەم سەرۆک دەبێت کە بۆ دوو خول سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات.
هەروەها ترەمپ بۆ یەکەمجار لە ساڵی (٢٠١٦)دا بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا کە شکستی بە هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا هێنا و سوێندی خوارد کە" ئەمریکا دووبارە گەورە بکاتەوە".
لە ساڵی (٢٠٢٠)یشدا لە سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای جیهانیدا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکادا دۆناڵدا ترەمپ لە بەرامبەر جۆ بایدن دۆڕا، بەڵام بەپێی ئەنجامی سەرەتایی و دوای هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ساڵی (٢٠٢٤)دا کۆشکی سپی گرتەوە و سوێندی خوارد" جارێکی دیکە ئەمەریکا گەورە بکاتەوە".