كامالا هاریس پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە دۆناڵد ترەمپ کرد

کاندیدە شکستخواردوەکەی دیموکراتەکان، هۆشداریی دەداتەوە لە بارودۆخی دیموکراسی لە وڵاتەکەیان، بەڵام جەختیش لە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات دەکاتەوە.

کامالا لە پەیوەندەییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ دۆناڵ ترەمپ، پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێ کرد و لە هەمان کاتیشدا باسی لە گرنگیی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات کردوە و داوای لێکردوە ببێتە سەرۆکی سەرجەم ئەمریکییەکان.

هاریس، دواتر لە وتارێکیدا لە زانکۆی هاوەرد، دانی بەشکستی خۆیدا هێنا بەرامبەر بە دۆناڵد ترەمپ و دوبارە بە ناڕاستەوخۆی هۆشداریی دا لە بارودۆخی دیموکراسی لە وڵاتەکەیان و وتی: لایەنگرانی نیگەرانن لەو پێشهاتە نوێیانەی ڕوبەڕوی ئەمریکا دەبێتەوە.

باسی لەوەش کرد، کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، دیموکراتەکان بە بەردەوامی پڕۆسی ئاشتییانەیان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات قبوڵ بوە و جەختیشی کردەوە لەوەی، خۆی و لایەنگرانی شەڕدەکەن بۆ بیرو باوڕەکانیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، دۆناڵد ترەمپ بە جیاوازییەکی بەرچاو لەپێش کامالا هاریسی رکابەری سەرکەوتنی یەکلایی بووە و وەکوو ٤٧ـەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڵبژێردرا.



AM:09:57:07/11/2024