ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدان بەسەر ٤ كەسدا دەسەپێنێت

دادگەی ورمێ ٤ کەسی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی بەرپرسی بەشی سەربازیی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بە لەسێدارەدان سزا دا، کە لەم ٤ کەسە سێیان کوردن و یەکێکیان خەڵکی سلێمانییە.
 
بە گوێرەی ئاژانسی  هەواڵی "فارس نیوز"ی نیمچە فەرمی ئێران بەڕێوەبەرایەتیی دادی ورمێ دوێنێ (چوارشەممە)  لە دوو لقی دادگەی ئەو شارەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار تۆمەتباری دۆسیەی کوشتنی موحسین فەخریزادەدا سەپێندراوە.
 
دادی ورمێ رایگەیابدووە" سێ کەسیان تۆمەتبار بوون بە گواستنەوەی کەلوپەلی پێویست بۆ کوشتنی فەخریزادە و گەیاندنی کەلوپەلەکان بۆ شوێنی رووداوەکە و هاوکاریکردنی مۆسادی ئیسرائیل".
 
رێکخراوێکی مافی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ئەو سێ کەسەی بە گواستنەوەی کەلوپەلەکان تۆمەتبار کراون، ئاشکرا دەکات.
 
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو سێ کەسەی لە دادگەی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و دەستهەبوون لە کوشتنی موحسین فەخریزادە بە لەسێدارەدان سزا دراون، کوردن و خەڵکی سەردەشت و سلێمانین.
 
دوو لەو سزادراوانە بە ناوی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی گوندی دۆڵە گەرمەی سەردەشت و ئەوی دیکەش بە ناوی رەسوول ئەحمەد محەممەد خەڵکی سلێمانییە.
 
موحسین فەخریزادە، بەرپرسی بەشی سەربازیی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە ٢٧-١١-٢٠٢٠ لە ناوچەی ئابسەرد لە دووریی ٨٠ کیلۆمەتری تاران کوژرا. ئێران، ئیسرائیل بە کوشتنی تۆمەتبار دەکات لە رێگەی چەکێکی ئۆتۆماتیکەوە.
 
عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران لە ٢٥-٩-٢٠٢٢ رایگەیاند" بە گشتی ١٤ کەس لەسەر دۆسیەی کوشتنی فەخریزادە دەستبەسەر کراون و بە هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، تۆمەتبار کراون."




AM:10:41:07/11/2024