ئێران، ڕەتی دەکاتەوە هەر جۆر پیلانێکی ڕێکخستبێت بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، دەشڵێت: ئەو جۆر تۆمەتانە لەلایەن ئیسرائیلەوە دادەڕێژرێن بە مەبەستی ئاڵۆزکردنی کێشەکانی تاران و واشنتۆن.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رەتی کردەوە، تاران دەستی هەبوبێت لە پلانڕێژی بۆ تیرۆری دۆناڵد ترەمپ.
بەقایی لە بەشێکی بەیاننامەکەدا دەشڵێت: ئەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران دەستی هەیە لە هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ئەمریکا، بە تەواوی بێ بنەمان.
جەختیشی کردوەتەوە لەوەی، ئەو تۆمەتانە پیلانێکی قێزەونە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە و بۆ ئاڵۆزکردنی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران داڕێژراوە.
ئیسماعیل بەقایی دوپاتیشی کردوەتەوە، ئێران لە هەمو ئامرازە شەرعی و یاساییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەکەی کەڵک وەردەگرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا تارانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕێگەی "بریکارێکی ئێرانی"ی پیلانی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمریکای لە نێوانیاندا دۆناڵد ترەمپی ڕێکخستوە.