وەزیری ئابوری ئێران: هاوردەکردنی کاڵا لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەخرێتە سیستمی گومرگییەوە

وەزیری ئابوری ئێران ڕایگەیاند، هاوردەکردنی کاڵا لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەخرێتە سەر سیستمی گومرگیی ئێران و پارێزگاری ناوچە سنورییەکان جێبەجیکاری پرۆژەکە دەبن.

ناسر هێمەتی ڕایگەیاند" پرۆژەی رێکخستنەوەی کاری کۆڵبەریی لەلایەن حکومەتەوە پەسەند کراوە و لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا لەماوەی پێنج ساڵدا قۆناغ بە قۆناغ گومرگ لە کۆڵبەران وەردەگیرێت و بەگوێرەی ئەو پرۆژەیە، هاوردەکردنی کاڵا لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەخرێتە سەر سیستمی گومرگیی ئێران".

وەزیری دارایی و ئابوری ئێران ئاماژەی بەوەش کردوە، لە سەرەتادا گومرگێکی زۆر کەم لە کۆڵبەرەکان وەردەگیرێت و دواتر زیاد دەکرێت و پارێزگاری ناوچە سنورییەکان بەرپرس دەبن لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستانیش، لەماوەی ١٣ ساڵی رابردو تا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، لە سنورەکانی نێوان ئێران و عێراقدا ٧١٧ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٨٣٤ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.




PM:12:59:10/11/2024