سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە دیدارێک لەگەل هاوتا سعودییەکەی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی نمایشێکی سەربازی هاوبەش دەربڕی.
ئەمرۆ یەکشەممە ١٠ی تشرینی دووەم فەیاز بێن حامد ئەلرویلی سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی عەرەبستانی سعوودی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای سەربازی سەردانی تارانی کرد و لەلایەن محەمەد باقری سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران پیشوازی لێکرا.
لە میانی دیدارەکەدا محەمەد باقری جەختی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لە بوارەکانی بەرگری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە کەرتی پەروەردەیی و وەرزشی کرد و ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی نمایشێکی سەربازی لەگەڵ هێزی دەریایی سعودی دەربری.
لای خۆشییەوە فەیاز بن حامد ئەلرویلی جەختی لە باشترکردنی ئاستی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵات کردەوە و وتی"ڕێککەوتنی پەکین بنەمایەکی باشە بۆ زیادکردنی هاوکاری دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات، ئێمەش ئەم ڕێککەوتنە بە دەرفەتێکی ستراتیژی دەزانین".
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو پەیوەندییەکانی دوو ولات لە خراپترین ئاستدا بووە و ریاز تاران تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن.