میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ئێران بە قاچاغ موشەکی بالیستیی بردوەتە عێراق، بەرپرسانی ئیسرائیلیش هەڕەشەشی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی عێراق و کەسایەتییە دیارەکانی گروپە چەکدارەکان دەکەن.
رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا کە لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە ئامادەی کردوە، دەڵێت" ئێران موشەکی نزیک مەودای بەقاچاغ بردوەتە عێراق وەک وەڵامێک بۆ کۆتا هێرشی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکەی".
باسی لەوەش کردوە، موشەکەکان لەناو تانکەری ئاو و نەوتدا شاردراونەتەوە و ئیسرائیل ترسی هەیە لەوەی لە داهاتودا ئەو موشەکانە لە دژیان بەکاربهێنرێن.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ئیسرائیل بە پلانی ورد، کار دەکات بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک لە عێراقەوە، پلانیشی داناوە بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابوری و کەسایەتییە دیاریەکانی گروپە چەکدارەکانی عێراق بەئامانج بگرێت، وەک چۆن پێشتر لە سوریا ئەنجامی دا.
رۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە" رەنگە ئێران هانی میلشیاكان بدات لە عێراق بۆ زیادكردنی هێرشەكانیان، لەوەڵامی كردەوەكانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان و غەزە".