سەرۆكی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) لەبارەی بوونی بۆچوونی جیاواز لەنێو هاوپەیمانیی جمهوور و رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "رێبازەكەمان لەگەڵ سەرۆك كۆمارمان نەپساوەیە و هیچ ناكۆكییەك لەنێوانماندا نییە".
دەوڵەت باخچەلی لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا گوتەیەكی پێشكەشكرد و وەك ئاماژەیەك بۆ بانگەوازەكانی ماوەی رابردووی لەبارەی ئۆجەلان كە ئەردۆغان ئاگاداری نەبووە، رایگەیاند: "ئەوانەی كە دەڵێن سەرۆككۆمار ئاگاداری لێدوانەكانم نەبووە، پێیاندەڵێم هیچ جیاوازییەك لەنێوانماندا تەنانەت نابێتە جێگەی باس. مەحاڵە لە بۆچوونەكانماندا جیاواز بین".
سەرۆكی گشتیی مەهەپە باسی لەوەكرد، ئەو ناوچەیەی دەوروبەری توركیا ناوچەیەكی بە ژانە و گوتی: "پیلانی قێزەون لەسەر سنوورەكانمان بەڕێوەیە".
لە كۆتایی وتەكانیدا باخچەلی رایگەیاند: "لێرەوە روو دەكەمە برا كوردەكانم، پەكەكە ناتوانێت نوێنەری كورد بێت". ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی دوێنێ هاوڕێی عەبدوڵا ئۆجەلان بوون، ئەمڕۆ بوونەتە داردەستی ئەمریكا و گوتی: "ناكرێت رۆڵە رەسەنەكانی خۆمان بكەینە قوربانی كوڕە زڕەكانی بایدن، وەرن با یەكگرتوو بین و پێكەوە بین".
رۆژی ٢٢ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ دەوڵەت باخچەلی بانگەوازی ئاڕاستەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كرد تاوەكو بێت و لە پەرلەمان هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە رابگەیەنێت. دواتریش لەبەردەم رای گشتی و سیاسییەكانی توركیادا باس لەوەكرا، ئەردۆغان پێشوەختە ئاگاداری گوتەكانی باخچەلی نەبووە و لەبارەی ئۆجەلان و پرسی كوردەوە ناكۆكە لەگەڵیدا.