دوابەدوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و یۆاڤ گالانت وەزیری جەنگی ئیسرائیل و محەمەد ئەلزەیف فەرماندەی كەتیبەكانی عیزەدین قەسامی حەماس لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ژمارەیەک لە وڵاتان لەوانەش فەڕەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا و ئەفریقای باشووری ڕایانگەیاند، فەرمانەکە جێجەجێ دەکەن بەپیچەوانەوە ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ فەرمانەکە ڕاگەیاند.
لە چوارچێوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، یۆاڤ گالانت وەزیری جەنگی ئیسرائیل و محەمەد ئەلزەیف فەرماندەی كەتیبەكانی عیزەدین قەسامی حەماس ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی تشرینی دووەم سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ڕایگەیاند، پێویستە هەموو لایەک پابەندی فەرمانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بن.
هەر لەو پەیوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە"کاردانەوەی پاریس بەرامبەر بە فەرمانی دەستگیرکردنی داواکراوان لەگەڵ بنەماکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت" و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وتی"ئەم وڵاتە ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە".
لای خۆشییەوە جۆزێف بورێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، فەرمانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و گالانت سیاسی نییە، و پێویستە ڕێز لە بڕیارەکەی دادگا بگیردرێت و لەلایەن هەموو وڵاتان و ئەندامانی دادگای تاوانەکانەوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێچەوانەی ئەو وڵاتانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئەو فەرمانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند بریارەکە بەپەلە دەررکراوە و جێگەی نیگەرانییە.