کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی غەززە ڕاگەیاند، سەرەڕای ئاگربەستەکەی لوبنان کە دوێنێ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ڕاگەیەندرا.
کەتیبەکانى حیزبوڵاى عێراق، ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە" ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل نەدەکرا ئەگەر خۆڕاگری حزبوڵا و بێتوانایی ئیسرائیل نەبوایە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بۆیە بڕیارەکە بەشێوەیەکی دیار لوبنانی بوو".
دەشڵێت" ئەمریکا هاوبەشی هەموو تاوانەکانی ئیسرائیلە لە کوشتن، ڕووخاندن و ئاوارەبوون دەبێت درەنگ یان زوو باجی ئەوە بدات".
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" پچڕانێک لە میحوەرەکەی بەرخۆدان کاریگەری لەسەر یەکڕیزی ئێمە نابێت، بەڵکو حزبە نوێیەکان بەشداری دەکەن کە گۆڕەپانی ململانێی پیرۆز بەهێز دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان".
هەروەها هاتووە" هەڵوێستى ئێمە لە دۆسیەى فەڵەستین ناگۆڕێت و کەسەکانمان لە فەڵەستین بە تەنها جێناهێڵین و گوێ نادەین بەو هەڕەشانەى رووبەڕوومان دەبێتەوە".