ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای سوریا نەهێشتنی چەند گروپێکی سەر بە تەحریر شام ڕاگەیاند کە جلوبەرگی فەرمی سوپای سوریاوە لەبەرکردبوو لە ڕۆژئاوای شاری حەلەب.
میدیاکانی سوریا ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە" چەند گروپێکی چەکدار هەوڵیاندا لە پشت هێزەکانمان لە رێگەی سەرەكی نێوان (دیمەشق و حەڵەب) بچنە ناوەوە، بەڵام چەكدارەكانمان توانیویانە كۆنترۆڵی بكەن".
دەشڵێن" چەکدارەکان یەکپۆشی سوپای عەرەبی سوریایان لەبەردا بوو، لەسەر شانیان پەچەی یەکەکانی ئێمەیان لەسەر بووە کە لەو ناوچانەدا خزمەتییان دەکرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێشکەوتن و ئامادەکاری جددی تیرۆریستان".
دوابەدوای ئەو هێرشە، سوپای سوریا دەستپێکردنی هێرشی بەرپەرچدانەوەی لە لادێکانی حەلەب و ئیدلب ڕاگەیاند.
هەروەها سوپای سوریا ڕایگەیاندووە کە" هێرشەکە بۆ ئەو پێگانە بووە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵکرابوون".
لای خۆشییەوە روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت" لە شەڕەكاندا ١٨٢ چەكداری دەستەی تەحریری شام و گروپەكانی دیكە كوژراون، هەروەها ٦١ سەربازی سوریا و چەكداری هاوپەیمانی سوپای سوریا كوژراون، ١٩ كەسی مەدەنیش بەهۆی بۆردومانی روسیاوە بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری حەلەب و ئیدلب كوژراون".
پێشتریش وەزارەتی بەرگری سووریا ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، سوپا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن هێرشیانکردە سەر پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب.