ئەمینداری گشتی حزبوڵا: سەرکەوتنی گەورەمان لەبەرانبەر ئیسرائیل بەدەستهێناوە

ئەمینداری گشتی حزبوڵا دەلێت: سەرکەوتنی گەورە لەبەرانبەر ئیسرائیل بەدەستهاتوە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی بەرخۆدان بەردەوام دەبێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای لوبنان ڕێکەوتنی ئاگربەست جێبەجێ دەکەن.

نەعیم قاسم، ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنان لە یەکەم لێدوانیدا دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ڕایگەیاند: حزبوڵا سەرکەوتنی گەورەی بەسەر ئیسرائیلدا بەدەستهێناوە و وتیشی، ئامادەین بۆ یارمەتی سوپای لوبنان بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری وڵات.

نەعیم قاسم وتیشی، ئیسرائیل سەرەڕای هێرشی ئاسمانی زەبەلاح و رووبەرووبوونەوەی نەیتوانی حزبوڵا لەناوبەرێت و جەختی لەوە کردەوە حزبوڵا سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکردوە.

ئەمینداری گشتی حزبوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نەیانتوانی حزبوڵا لاواز بکەن یا خود لەناوی بەرن و جەختیشی کردەوە لەوەی بەرخۆدان بەردەوام دەبێت.

نەعیم قاسم ئەوەشی خستەرو، هەماهەنگی نێوان حزبوڵا و سوپای لوبنان لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی ڕێککەوتنەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە بە سەرپەرشتی فەرەنسی-ئەمریکی ئەنجامدراوە و مەرجەکانی بە فەرمی بڵاونەکراونەتەوە، مەرجی ئەوە خراوەتەڕوو کە حزبوڵڵا بۆ باکووری ڕووباری لیتانی (٣٠ کم لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە) دەکشێتەوە، هەروەها سوپای لوبنان بەهێزتر دەکات جێگیرکردن لە ناوچەی باشووری ڕووبارەکە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو شوێنانەی کە ئێستا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنتڕۆڵکراون و حزبەکە.




PM:10:38:29/11/2024