ژمارەی کوژراوانی حەلەب بۆ ٢٨٧ کەس بەرزدەبێتەوە

ژمارەی کوژراوانی شەڕە بەردەوامەکانی حەلەب لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی سوریا و کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ٢٨٧ کەس بەرزبووەتەوە کە هاوڵاتییانی مەدەنیشی تێدایە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ شەممە لە ئامارێکدا بڵاویکردەوە" ژمارەی کوژراوانی شەڕی حەلەب کە لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی سوریا و کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە گەیشتە ٢٨٧ کەس کە خەڵکی سڤیلیان تێدایە". 

پێشتر ڕوانگە ڕایگەیاندبوو، دوای بەردەوامبوونی شەڕەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، نیوەی شاری حەلەب لە باکووری سوریا لەلایەن دەستەی تەحریر شام و گروپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە. 

دوێنێ هەینی گروپ و فراکسیۆنە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا چوونە ناو شاری حەلەب، دوای بۆردومانکردنیان لە چوارچێوەی هێرشێکی کتوپڕ و خێرا کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا بۆ سەر هێزەکانی حکومەت دەستیانپێکرد. 

دوای ئەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە ساڵی (٢٠١٦)دا کۆنتڕۆڵی تەواوی شاری حەلەب کرا، ئەمە یەکەمجارە کوتلە چەکدارەکان بچنە ناو شاری حەلەبەوە.



PM:01:38:30/11/2024