"نامانەوێت شەڕی ناوخۆ لە سوریا زیاتر پەرەبسێنێت"

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی سەبارەت بە دۆخی سوریا ڕایدەگەیەنێت" نامانەوێت شەڕی ناوخۆ لە سوریا زیاتر پەرەبسێنێت". 

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕایگەیاند" وڵاتەکەی نایەوێت شەڕی ناوخۆی سوریا زیاتر پەرەبسێنێت". 

فیدان ڕاشیگەیاند" پێویستە لەم قۆناغەدا هەوڵ بدرێت ڕووداوەکانی سوریا بە بوونی دەستێوەردانی دەرەکی ڕوون بکرێتەوە". 

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەشڵێت" پێشهاتەکانی ئەم دواییە جارێکی دیکە دەریدەخەن کە دیمەشق دەبێت لەگەڵ گەلەکەی و ئۆپۆزسیۆن بگاتە ڕێککەوتن". 

هاکان فیدان لە درێژەی قسەکانیدا وتی" نامانەوێت شەڕی ناوخۆ لە سوریا زیاتر پەرەبستێنێت". 

هەروەها لای خۆشیەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت" گفتوگۆ و دانوستانەکانی هەردوولا لە ئەنقەرە دۆستانە و بنیاتنەر بووە". 

عەراقچی هێمایی بۆ ئەوەشکرد" تاران و ئەنقەرە لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کە سوریا نابێت ببێتە ماڵی گروپە تیرۆریستییەکان". 



PM:06:46:02/12/2024