ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا ئەنجام دەدات

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ سەبارەت بە دۆخی سوریا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی بەپەلە ئەنجام بدات.

ئاژانسی فرانس پرێس، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە" ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات، لەسەر داوای حکومەتی سوریا، ئەمەش دوای هێرشە لەناکاوەکەی حەیعەت تەحریر شام و کوتلە چەکدارەکان لە باکوری سوریا دێت''.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو، داواکاری بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە لەسەر داوای وڵاتانی ئەندامی ئەفریقای ئەنجومەنەکە دێت، لەوانەش جەزائیر، سیرالیۆن و مۆزەمبیق، گوایانا. 

ئەم کۆبوونەوەیە دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی باکووری سوریا دێت کە ھێزە چەکدارەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێرشێکی لەناکاویان دەستپێکرد، بەمەش توانیان گەڕەکەکانی شاری حەلەب و ژمارەیەک گوندی لادێی ئیدلب کۆنترۆڵ بکەن.



AM:09:20:03/12/2024