وەزیری بەرگری سوریا: کشانەوەمان لە حەما تاکتیک بوو


وەزیری بەرگری سوریا لە راگەیاندنێکی تەلەفزیۆنیدا دوای کۆنترۆڵکردنی شاری حەما لەلایەن بەرەی تەحریری شامەوە، رایگەیاند" ئەوەی لە حەما ڕوویدا ڕێکارێکی تاکتیکی کاتییە".

عەلی مەحمود عەباس وەزیری بەرگری سوریا ئەمشەو ٥ ی کانوونی یەکەم لەبارەی کۆنترۆڵکردنی شاری حەماوە لەلایەن بەرەی تەحریری شامەوە راگەیاندنێکی تەلەفزیۆنی بڵاوکردەوە.

لەو راگەیاندنەدا وتی "پێگەی هێزەکانمان لە دەرەوەی حەما بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل بووە"، دەشڵێت "هێزەکانمان ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان هەیە".

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێمە شەڕێکی توند و بەردەوام دەکەین"، جەختی لەوەش کردەوە "ئێمە کاردەکەین بۆ بەکارهێنانی شێوازی گونجاو لە شەڕەکەدا کە ئەویش؛ لێدوان و کشانەوەیە."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی هەڵمەتێکی چەواشەکارانە لە دژی هێزە چەکدارەکان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ئاژاوە".

هاوکات جەختی لەوە کردەوە " ئێمە لە دۆخێکی مەیدانی باشداین"، پێشیوایە کە توانای ئەوەیان هەیە ئەو ئاستەنگە مەیدانیانە تێپەڕێنن، وەک دەڵێت" هەرچەندە توند بن."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" لە گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە کۆنترۆڵکراون، سازش ناکەین".

"ڕەنگە تیرۆریستان ڤیدیۆی هەڵبەستراو لە لێدوانەکانی ئێمە بڵاوبکەنەوە"( محەمەد عەباس دەڵێت).




PM:11:09:05/12/2024