ئێران بەرپرسە سەربازی و کارمەندەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایدەگەیەنێت" کۆماری ئیسلامی ئێران دوێنێ هەینی دەستیکردووە بە چۆڵکردنی بەرپرسە سەربازییەکان و کارمەندەکانی لە سوریا". 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئەمرکییەوە ڕایگەیاندووە" پێدەچێت بەمزوانە مەترسی لەسەر دیمەشقی پایتەختی سوریا دروست ببێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەوی کوتلە چەکدارەکان لە باشوور و باکووری ئەو وڵاتە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێو ئەو کەسانەی کە بۆ عێراق و لوبنان گواستراونەتەوە، فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران بوون، هەروەها ئەندامانی سوپای پاسداران و بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێران و بنەماڵەکانیان جگە لە خەڵکی مەدەنی ئێران چۆڵ کران.

هەر بەپێی هەواڵی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، بەشێک لە پرۆسەی چۆڵکردنەکە بە فڕۆکە بۆ تاران بەڕێوەدەچێت و بەشێکی دیکەش لە ڕێگەی ئەو ڕێگایە وشکانییەوە کە ماون بۆ لوبنان و عێراق و بەندەری لازقیەی سوریا دەڕۆن.

هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری مەهدی ڕەحمەتی شرۆڤەکاری دیاری ئێرانی دەڵێت" کۆتا هەل ئەوەیە کە ئێران بۆی دەرکەوتووە ئێستا بە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ناتوانێت دۆخی سوریا بەڕێوە ببات". 

دوێنێ هەینی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن شاری دارایان کۆنترۆڵکرد کە شارێکی گەورەی باشووری وڵاتەکەی بە دیمەشقی پایتەختەوە دەبەستێتەوە، هاوکات ئێران کە پاڵپشتی سەرەکی حکومەتە، هەنگاوی ناوە بۆ چۆڵکردنی فەرماندە سەربازییەکان و کارمەندانی دیکە لەو وڵاتە.



AM:08:16:07/12/2024