وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت" چارەنووسی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا نادیارە".
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، ئێوارەی دوێنێ هەینی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند" چارەنووسی ئەسەد نادیارە، بەڵام بەرخۆدان بەردەوام دەبێت و مەترسییەکانیش لە سوریا بۆ ناوچەکە درێژدەبێتەوە".
وتیشی" زۆرێک لە ساڵی ٢٠١١ەوە چاوەڕوانی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بوون، بەڵام ڕووداوەکان سەلماندوویانە کە پێشبینییەکان لەم چوارچێوەیەدا پڕن لە مەترسی، لەگەڵ گۆڕانکاری بەردەوامی دۆخەکە".
وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت" ڕەنگە سوریا ڕووبەڕووی سیناریۆی مەترسیداری وەک شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی وڵات، یان کۆنترۆڵکردنی تەواوی لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە بێت".
جەختیشیکردەوە، هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەسەر پاڵپشتی یەکگرتووی و سەروەری ناوچەکانی سوریا هاوڕان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ هەینی وەزیری دەروەی ئێران گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، سوریا و ئێران، بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی دۆخی سوریا.