کۆشکی سپی: بەوردی چاودێری دۆخی سووریا دەکەین

کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت" لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە نائاساییانە دەکەین کە لە سوریا ڕوودەدەن، دوای ئەوەی کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆنترۆڵی خۆیان لە دیمەشقی پایتەخت ڕاگەیاند". 

شۆن ساڤیت وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوە نائاساییەکانی سوریا دەکەن و لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانمان". 

پێشتریش کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە ئەولەویەتەکانی ئێستای ئەمریکا لە سوریا بریتییە لە" دڵنیابوون لەوەی کە ململانێی ئێستا هاندەری سەرهەڵدانەوەی داعش نەبێت یان کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە". 

هەروەها لای خۆشیەوە جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە" فراوانبوونی ململانێکان سەرچاوەی نیگەرانییە". 

ناوبراو وتیشی" لە خراپترین قۆناغەکانی شەڕی درێژخایەنی سوریادا، شایەتحاڵی سەرهەڵدانی داعش بووین لەسەر گۆڕەپانەکە". 

سولیڤان جەختی لەوەشکردەوە، ئەولەویەتی سەرەکی ئەوەیە کە شەڕ لە سوریا سەرهەڵنەداتەوە. 

دەشڵێت" ئێمە خۆمان هەنگاو دەنێین، ڕاستەوخۆ و لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەین، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە ئەمە ڕوونەدات". 

بەرەبەیانی ئەمڕۆش گروپی ئۆپۆزسیۆن ئاماژەی بەوەکرد کە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا وڵاتەکەی بەجێهێشتووە، ئەمەش بە" کۆتایی ئەم سەردەمە تاریکە و سەرەتای سەردەمێکی نوێ بۆ سوریا" دەزانن.



PM:01:35:08/12/2024