وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی لە سوریا بە "کۆتایی قۆناغێکی تاریک" دەزانێت، هاوکات دەشڵێت" ئەنقەرە هیچ لەبارەی چارەنووسی ئەسەدەوە نازانێت".
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند" ڕژێمی سوریا گرنگی بە گەلەکەی نەدەدا و نە گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانی نەدەکرا سوود لە دەرفەتی گفتوگۆکانی ئاشتیانە وەربگرێت بۆ ئەوەی بگاتە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەڵام وایکرد کە نەیەوێت".
وتیشی" لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، سەردەمێکی ناسەقامگیری لە سوریا کە ١٤ ساڵی خایاند کۆتایی هات".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەردۆغان دەستی بۆ ڕژێمی سوریا درێژکرد بۆ ئەوەی یەکڕیزی لە سوریا بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەمە ڕەتکرایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە نیگەرانین لەو ڕێکخراوانەی وەک داعش کە ڕەنگە ئەم پێشهاتانە لە سوریا بقۆزنەوە ئێمە لە تورکیاوە لە نزیکەوە چاودێری داعش و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک کۆنتڕۆڵی هیچ بەشێکی سوریا ناکەن".
هاکان فیدان دەشڵێت" هەسەدە ناتوانن بەشێک بن لە ئۆپۆزسیۆن و فراکسیۆنەکانی سوریا، چونکە ئەوان کوتلەی سوریا نین، ئەوانە کوتلەی تیرۆریستین و هەمووان ئەوە دەزانن، بۆیە هیچ هاوکارییەک لەگەڵیان بە هیچ شێوەیەک نابێت".